2006-07-21

وتی زیندان، دڵم گیرا... وتی زۆری ئازار داون با به‌ینێک "قه‌دری عافیه‌ت" بزانێت! من زانیم قسه‌ی دڵی نه‌بوو...م وتم له‌وانه‌یه‌ وا باشتر بێت... به‌ڵام قسه‌ی دڵم نه‌بوو! م
کارۆ ده‌ڵێ: له‌وانه‌یه‌ ده‌ستی هه‌ڵێنابێت، له‌وانه‌یه بێ‌ڕێزی به‌ بابی کردبێت... ده‌ڵیم له‌وانه‌یه‌ وا بێت! دڵم به‌ڵام، هه‌ر وا ناڵێت، به‌ گرێ کۆڵه‌ی گریانێکه‌وه‌ خۆی خافڵاندوه‌ و هیچی تریش ناڵێت. دڵم گڕۆی گۆرانیه‌که‌ی نه‌جمه‌ی گرتوه‌ و ڕه‌زا، که‌ پێم بڵێ مێهره‌بان, ئه‌مه‌ بۆ تۆیه‌! ده‌ڵێم، چۆن دڵیان هات ده‌ستی لێ به‌رز بکه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وان بیره‌وه‌ری وایان نیه‌؟ نا، پێم وایه‌، ماده‌ سڕکه‌ره‌کان، له‌گه‌ڵ ژیانی ڕه‌زا هه‌موو بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌وانیشیان دزی. م

2006-07-13

که‌نگه‌رم قه‌ت نه‌ده‌خوارد. مه‌پرسن بۆ! نازانم! له‌ گیلاخه‌یش "قیزم" ده‌کرد! م
پێم وابوو دۆینه‌ پیس دروست ده‌کرێت! مه‌پرسن بۆ! شه‌له‌مم به‌ڵام چاک ده‌خوارد (هه‌ر وه‌ک دۆینه‌ دروست ده‌کرێت). ئێستایش دایکم جار جار بۆم ده‌نێرێت. جار جار داوای که‌نگه‌ر و گیلاخه‌یش ده‌که‌م هه‌ر ده‌ینێرێت! م
ئه‌من له‌ زێدی خۆم زۆر‌ ده‌ست و پا سپی نه‌ بووم. به‌چکه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیش نه‌بووم. به‌ڵام که‌ شووم کرد به‌ "شار" خۆم لێ گۆڕیا! م
خۆ له‌یلۆ ئێستاش هه‌ر هه‌ڵه‌م بۆ ڕاست ده‌کاته‌وه‌ و به‌ زمانه‌وانیه‌که‌م قاقا لێ ده‌دات، به‌ڵام مه‌سعوود راستی ده‌کرد من له‌ هه‌نده‌ران "کوردام". هه‌ر له‌ گیلاخه‌وه‌ بگره‌ تا میژو تا سیاسه‌ت. م
ئێستاش هه‌ر نازانم " پیچك و مه‌نێ " چیه‌ و چۆن ده‌ڕوێ، به‌ڵام من فێر بووم که‌ فێری بم! م فێری شتی تریش بووم! فێر بووم ڕێز دانم بۆ مروڤ، بۆ ئه‌و ویست‌و بۆچونانه‌یش وا له‌ هی من جیاوازن! له‌به‌ینی ڕه‌ش و سپی‌دا هه‌زار ڕه‌نگی ترم دۆزیه‌وه‌، هه‌زار ڕه‌نگ که‌ هێشتا ناویان به‌ کوردی نازانم. فێر بووم به‌ڵام، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ "که‌متر" کورد نیم! فێر بووم هه‌رکه‌س پی وتم "ئێره‌ کوردستانه‌ ‌هێواش" پی بڵێم به‌ڕێز، به‌شی من ته‌نیا نیسکێکیش له‌ به‌شی تۆ که‌متر نیه‌. م
پاشان فێر بووم هه‌موو ئه‌وانه‌ی " ده‌گۆردرێن" خۆیان لێ نه‌گۆردراوه! م

2006-07-06

دڵم له‌رزا! بڵێی خوشکێک له‌ جێگه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه‌ به‌ سه‌ر ئه‌م وێنه‌دا بکه‌وێت و بڵێ ماڵ هه‌ژارم من ئه‌و کوڕه ده‌ناسم؟ م یان هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵکێشێ و بڵێ: "ئه‌م جاره‌یشیان،ئه‌م وێنه‌یشیان ئه‌وی تیا نه‌بو". تیا نه‌بو؟ م

2006-07-04

وتی: زۆر نیگه‌رانم، فه‌سلی ئاخره‌که‌ فریا نه‌که‌وتم باش بیخوێنم 12 نمره‌ی لێ هاتبوو... م
که‌وتمه‌ بیری یه‌که‌م ئیمته‌حانه‌که‌م له‌ زانکۆی لینشۆپینگ که‌ قبوڵیان نه‌کرد و مه‌جبوور بووم بینوسمه‌وه‌. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی زۆر بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستاکه‌م پێی وابوو من راسته‌و خۆ وه‌ک نوسه‌ری کتێبه‌که‌م نوسیه‌ و بیر و مێشکی خۆم له‌ نوسینه‌کانما به‌دی ناکرێت. پێی وتم مافی خۆمه‌ وه‌ک نوسه‌ره‌که‌ بیر بکه‌مه‌وه‌ به‌ڵام ده‌بێ بتوانم بڵێم بۆ؟! ده‌بێ دیار بێت که‌ من ڕوانگه‌ی دژی نوسه‌ره‌که‌یش ده‌ناسم به‌ڵام ئه‌مه‌یانم هه‌ڵ‌بژاردوه‌...م
که‌وتمه‌ بیری ڕۆژه‌ گه‌رمه‌کانی تاران و شه‌وانی ئاخری ترم که‌ به‌ په‌له‌ کتێبه‌کانمان ئه‌م‌بار و ئه‌وبار ده‌کرد. هه‌موو وشه‌کانمان به‌ په‌له‌ "هه‌ڵ‌ده‌قوڕاند" ، پاشانیش ده‌ڕشاینه‌وه‌ سه‌ر وه‌ره‌قه‌ی ئیمته‌حان. سه‌عاتێک پاش ئیمته‌حانه‌که‌، حه‌رام بێت ته‌ڕائی له‌ مێشکماندا نه‌مابووو. م
پێم وت گوڵم چش له‌ ئیمتیحان، خۆ تۆ به‌یانی ده‌بیت به‌ مێعمار، ئه‌گه‌ر "ئیستائی" باش نه‌زانی خۆ قوڕ ئه‌که‌ی به‌سه‌ر ساحێب ماڵدا، گرینگ نیه‌؟ م
بریا ئه‌ویش وه‌ک من دوای ئه‌و ته‌له‌فوونه‌ تاوێک بیری له‌ قسه‌کانمان بکردایه‌تۆ. م