2006-04-26

دوور دوور، له‌‌ زێده‌که‌ی من، ژنێک هه‌یه‌، که‌ که‌س خۆشی ناوێت. مێرده‌که‌ی موعتاده‌ و به‌ هۆی چه‌قۆکێشانه‌وه‌ له‌ زیندانایه‌. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر جارێکی تریش داوانامه‌ی ته‌ڵاقی ژنه‌ له‌ لایان دادگاوه‌ ره‌د کرایه‌وه‌. مم
قازی خۆشی ناوێت، ده‌م هه‌راشه‌، مێرده‌که‌ی ناوێت، مێرده‌که‌ی ئاوا ناوێت. هاوسێ و دراوسێ خۆشیان ناوێت، سووکه‌، به‌ عاله‌م ئاشکرا حه‌زلێ که‌ری ده‌کات. مم
دوو مناڵی چکۆله‌ هه‌ن به‌ڵام، که‌ هیچ مه‌رجێکیان بۆ خۆش ویستنی ئه‌و ژنه‌ نیه‌. به‌ خراپ و خاس، پیس و پاک، به‌ ته‌ڵاق و بێ ته‌ڵاق خۆشیان ده‌وێت. هه‌ر ئه‌ویان هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌ویان ده‌وێت. شار به‌ڵام ئه‌و دوو مناڵه‌یشی خۆش ناوێت، ئه‌وه‌ حاڵی دایکیانه‌ و ئه‌وه‌یش وه‌زعی باوکیان، به‌ر و پشت ئه‌تڵه‌س...مم
ئه‌وژنه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ زیندانیشدا "ته‌مکین"ی مێرده‌که‌ی نه‌کات، دوو منداڵه‌که‌ی لێ ده‌سێننه‌وه‌. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می منداڵه‌کانیان بێت، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کابراکه‌یان له‌ ژنه‌که‌ پێ سه‌ڵاحتر بێت یان زیاتریان خۆش بوێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ ئاساییه‌ که‌ پیاو پیاوه‌. مم
هه‌ر له‌و شاره،‌ پیاوێکیش ئه‌و ژنه‌ی خۆش ده‌وی، یان خۆی خۆش ده‌وی، نازانم، ئه‌و ژنه‌ی"ده‌وێت". دڵی دایکێکیش شه‌و و ڕۆژ له‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌م ژنه‌ ق... یه,‌ بۆ ئاخری بێت به‌ باعیسی سه‌ری کوره‌که‌ی. م
م
مه‌مله‌که‌تێکی سه‌یره‌.... ئه‌گه‌ر پێکه‌وه‌ ژیان به‌ زه‌بری یاسا نه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رپه‌ره‌ستی منداڵ چاویان له‌ ناوگه‌ڵی خه‌ڵک نه‌کردبایه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ری که‌س له‌ به‌ر خۆش ویستنی که‌س له‌ مه‌ترسی دا نه‌بوایه‌......... ژیانی زۆر که‌سی زێده‌که‌ی من زۆر ئاسان تر ده‌بووه‌وه. مم

2006-04-17

تکایه‌ک له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی "هێمن"یان خۆش ده‌وێت و ئه‌و که‌سانه‌یش وا که‌متریان خۆش ده‌وێت: ‌هێمن له‌ هه‌ڵویست و بڕیاری خۆی "ته‌بره‌ئه‌" مه‌که‌ن و مه‌ی په‌ڕێننه‌وه‌.
ئه‌وه‌ بێ‌ڕێزیه‌ که‌ ده‌ڵێن " پیان ئیمزا کرد"، ئه‌وه‌ بێ ڕێزیه‌ که‌ ده‌ڵێن ویسکی‌یان پێ دا، ئه‌وه‌ بێ ڕێزیه‌ که‌ ده‌ڵێن "مامۆستا به‌ هۆی پیری و بێتینی له‌شی گه‌ڕایه‌وه‌،...... هتد. هێمن خۆ پیاوێکی ساویلکه‌ و بێ ئه‌قڵ و گه‌لحۆ نه‌بوو، به‌ ئیشتیای دڵی خه‌ڵک و به‌ زه‌ربی ویسکی کاغه‌ز ئیمزا بکات. هێمن خۆ مرۆڤێکی بێ ویست یان ترسه‌نۆک نه‌بوو که‌ نه‌وێرێت ئه‌گه‌ر په‌شیمان بووه‌وه‌ هه‌ڵویست بگرێت. ..هێمن خۆ له‌ به‌ر شان و باڵی به‌توانای و هێزی لاویه‌تی ده‌ستی به‌ خه‌بات نه‌کردبوو که‌ له‌ به‌ر پیری و لاوازی بڕیاری له‌سه‌ر بدات....تکایه‌ به‌ ڕێزان ئه‌وه‌ بێ ڕێزیه‌... هێمن پیاوێکی خاوه‌ن بیر و هه‌ڵوێست بوو، ئه‌گه‌ر من و تۆ و ئه‌وی تریش هه‌ڵویسته‌که‌یمان به‌که‌یف نه‌بێت، لانی که‌م ئه‌ونه‌ی ڕێز بۆ دانین که‌ ڕه‌خنه‌مان له‌ هه‌ڵویست یان کرده‌وه‌یه‌کی بێت نه‌ک به‌م شێوه‌ ناشیرینی په‌ڕاندنه‌وه‌ که‌سایه‌تی ئه‌و به‌ڕێزه‌ به‌رینه‌ ژێر پرسیار. تکایه‌ به‌م شێوازی "ڕێز لێ گرتن" و خۆش ویستنه‌ بێ ڕێزی پێ مه‌که‌ن. سپاس

2006-04-13

چه‌ن ڕۆژ له‌مه‌و به‌ر "باڵه‌نده‌کانی ده‌م با" م خوێنده‌وه‌‌. سپاس شه‌هلا که‌ کتێبه‌که‌ی خۆت به‌ ئه‌مانه‌ت پێ دام.م
ئه‌و قیژه‌ دڵ ته‌زێنه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا ده‌ستی پێ کرد، ئه‌و قرچه‌ قرچ و بۆ کڕووزه‌، هێشتائه‌مانیان لێ بڕیوم. زۆر ده‌مێکه‌ خه‌به‌ری خۆسووتاندنی هه‌ر ژنێک، هه‌زاران پرسیارم لا دروست ده‌کات. هه‌زاران جار بیرم له‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشانه‌م کردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ بیری خۆ کوشتن له‌ کێشه‌دان. هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی که‌ تاقه‌ یه‌ک دانه‌یشیان نه‌یویستووه‌ به‌ سووتاندن بمرێت. م
به‌ خۆم ده‌ڵێم خۆ سوتاندن ده‌بێ تووڕه‌ترین شێوازی مردن بێت. شێوازێک که‌ ته‌نیا مه‌به‌ستی مردن نیه‌ به‌ڵکوو ده‌یه‌وێت خه‌ونی کۆڵانیش ئاڵۆز بکات.م
له‌ خۆم ده‌پرسم ژنه‌کانی ئه‌م ڕومانه‌ بۆ تووڕه‌ نابن؟ وه‌بیرم دێته‌وه‌ ئه‌فسانه‌ که‌ توڕه‌ بوو، داوێنی خۆی گرته‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ دڵم ده‌ته‌زێت. م
پاشان وه‌بیرم دێته‌وه‌ که‌ پیاوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌یش هه‌ر تووڕه‌ نابن.....یان ئه‌ژنۆیان له‌ باوش ده‌که‌ن یان فه‌رامۆشی ده‌که‌ن.....م
ده‌بمه‌وه‌ به‌ ده‌روون‌ناس.. بیر له‌ بێ‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک هۆی خۆ کوژی ده‌که‌مه‌وه‌ و ئه‌م پرسیاره‌م لادرووست ده‌بێت که‌ ئایا ژنانی ئه‌و" چیرۆکه‌ نه‌نوسراوانه‌" چه‌نێ له‌ ڕاستی دا بێ‌ده‌سه‌ڵاتن.. ئایا پیاوه‌کانی ئه‌م نه‌سڵه‌ فه‌رامۆش کراوه‌ بۆ وا بێ‌ده‌سه‌ڵاتن؟

2006-04-05

پاش ساڵێک که‌ له‌گه‌ڵ مناڵه‌کان بووم، ئه‌مرۆ دوانه‌ هاتومه‌ته‌وه‌ سه‌ر کاره‌که‌م. م
دڵه‌ کوته‌مه‌ ڕۆنیا نانه‌که‌ی باش بخوات ، سانا به‌رنامه‌کانی تێک نه‌چێت،.....به‌ خۆم ده‌ڵێم " نامه‌ردیه".... ئه‌وه‌ نیه‌ مناڵه‌کان لا‌ی بابیانن؟؟!!م
بۆ ده‌بێ پێم وابێ لای من بۆیان باشتره‌؟ راسته‌که‌یتان ده‌وێت.. لای من بن، بۆ من باشتره :-) م

باوه‌شێک پڕ له‌ خۆشه‌ویستی بۆ هه‌رسێ‌تان. م